Loading...
Loading...
Loading...
وێنەکانی جیهانی پیر - ١٩٧٢

دوشان هاناک کار لەسەر فۆتۆ دەکات. ئەو یەکێکە لەو دەرهێنەرە سلۆڤاکییانەی کە لە سنووری خۆیدا خۆرە. لە ساڵی ٢٠٠٠ ڕەخنەگرانی سلۆڤاکیی ئەم فیلمەیان بە باشترین فیلم دیاریی کرد لە مێژووی سینەمای خۆیان. فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکە تاوەک ساڵی ١٩٨٨ بینین و نمایشکردنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بوو. لێرەدا ناتوانرێت سەد دەر سەد بڕیاری ئەوە بدرێت کە ئەم فیلمە خاوەن پەیام و ئاڕاستەیەکی پڕوپاگەندەیییە، چونکە ڕاستەوخۆ ژیانی تاکەکان دەگوازێتەوە، هەر ئەمەیشە کاری فیلم و ژانرای دۆکیۆمێنتاریی. هاوکات سەرنج و تێبینی دەخاتە سەر ڕەوش و دۆخی ئەو کەسانەی بەهۆی سیستەمی سۆشیاڵیستییەوە لەژێر بارێکی گراندا دەژین، کە دەکرێت خوێندنەوەی وردتر و مێژووییانە بۆ ئەم چوارچێوەیە بکرێت بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەوەی ئەم فیلمە بەشێک بووە لە جەنگی سارد یاخود تەنها گواستنەوەی واقیعە؟.

دۆکیۆمێنتارییەکە سەرنج دەخاتە سەر ژیانی تاکەکان، بەتایبەتیی ئەوانەی تەمەنیان هەڵچووە و لە لێواری مردندان. لێرەدایە دوشان دێت و پرسیار لە ژیان و واتای بوون دەکات. کەسایەتیی و دۆخە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە و هەوڵی وەرگرتنی وەڵام دەدات. ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی ئەوانەی پرسیاریان دەربارەی واتای ژیان لێ دەکرێت، یان دەڵێن "نازانم ژیان چییە" وە یاخود دەڵێن "لە بیرم چووەتەوە!." ئەوەی دەمێنێتەوە پێیان وایە تەندروستییەکی باش ژیانە.

تێکنیک، سینەماتۆگرافی و ئەو فۆتۆیانەی گیراون بێهاوتان. هەر ئەمەیشە وای کردووە زۆرینەی ڕەخنەگرانی سلۆڤاکیی دەنگ بدەن بەوەی ئەم فیلمە باشترین فیلمی وڵاتەکەیانە.

فیلمی ژمارە ٥٦٨
وێنەکانی جیهانی پیر - ١٩٧٢
ماوە ١ کاتژێر و ١٤ خولەک
دۆکیۆمێنتاریی/دراما/بایۆگرافی
زمان: چێکۆسلۆڤاکیی
دەرهێنەر: دوشان هاناک
هەڵسەنگاندنم: ٨.٥/١٠
ئای.ئێم.دی.بی:٨.٢/١٠
-
*ناونیشانی فیلمەکەم بە جیهانی پیر وەرگێڕاوە، چونکە ناوەڕۆک پەیوەستە بە باس و ژیانی ئەو کەسایەتییانەی لە تەمەنی پیرییدا دەژین. دەکرێت ناونیشانەکە بەم شێوەیەش وەربگێڕدرێت: (وێنەکانی جیهانی کۆن). بەڵام من پێم باشتر و جوانتر و بەهێزترە کە وشەی "پیر" لەبری وشەی "کۆن" لێرەدا بەکاربهێنرێت بە مەبەستی دەلالەت کردن لە ناوەڕۆک وەک توخمێکی سەرەکیی فیلمەکە.
86 views
Loading...
updated
ئەپاکەڵیپس: جەنگی دووەمی جیهان - ٢٠٠٩

کۆی بەشەکانی ئەم دۆکیۆمێنتارییە گرانە لێکدانەوە و شیکردنەوەیان لە وتارێکی کورتی چەند پەڕەییدا کۆبکەیتەوە. بە شێوەیەکی ئەکادیمییانە ئەم دۆکیۆمێنتارییە ڕانان و قسەکردن لەسەر توخمەکانی لێکۆڵینەوەی دەوێت، و پێویستییان بە وردبوونەوەی جددی هەیە.
لە نێو کۆی توخمەکانی و بە کورتی، سەرنج دەخەمە سەر سینەماتۆگرافی و مۆسیقای زنجیرەکە. ئەم دوو توخمە، سینەماتۆگرافییەکەی بە تایبەتیی؛ تەواوکەرێکی دیاری زنجیرەکەن.

لە زۆرینەی دۆکیۆمێنتارییەکان، بەتایبەتیی ئەوانەی ناوەڕۆکێکی درامیی و حەماسییان هەیە، مۆسیقا ڕۆڵی گەورە لە وێناکردنەوە و تێگەیاندنی جەوهەری واقیع دەبینێت. (Jeff Beal) ئاوازداڕێژەری هەردوو دۆکیۆمێنتاریی (Blackfish و The Queen of Versailles) دەڵێت: "باوەڕم وایە ئاوازی مۆسیقیی (دۆکیۆمێنتاریی و گێڕانەوە) زۆرکات لە جێی هاوسۆزیی و ڕاستییەوە دێت. گەر کارەکتەریش "نابەدڵ" بێت یاخود لە ڕووی ئەخلاقییەوە کارەکتەرێکی جێ پرسیار بێت، ئەوە ڕۆڵی مۆسیقا نییە کە بڕیار دەدات یاخود گاڵتە بە گۆشەنیگایان دەکات. ئەمە دەکرێت بەتایبەتیی گرنگ بێت بۆ دۆکیۆمێنتارییەکان، لەو شوێنەی کە سەبجێکت توانای گەیشتنی هەبووە بە هەندێک لە دۆخی ئازاربەخش یاخود شەرمەزارکەر کە "گیراوە/تۆمارکراوە" لەلایەن کامێرای دۆکیۆمێنتارییەوە."

ئەم وتەیە بۆ ئاوازەکانی ئاوازداڕێژەری یابانیش (Kenji Kawai) بۆ زنجیرەی (Apocalypse: The Second World War) تەواو دروستە. کینژی جگە لەوەی ئاوازی خاتیمەی زنجیرەکەی بە ئاستێکی بەرز بەرهەمهێناوە و بوونێکی دیار و ئاوازێکی سەرەکیی زنجیرەکەیە بۆ دەستپێک و کۆتایی، لێ هاوسات کۆی ئاواز و ساوندتراکەکان هاوشانی بەشە جیاوازەکان هاوسۆزی دەسەڵاتە جیاوازەکانن و لە دەنگی حەقیقەتەوە هەڵهێنجراون. تێبینی بکە کاتێک ڕووی کامێرا لەلای هیتلەر یان ستالین یان چێرچڵ، بەرلین یان پیرڵ هاربەر و ستالینگراد، نۆرماندی و دەنکێرکە، هەست ناکەیت کە ئاوازداڕێژەر یاخود دەرهێنەری زنجیرەکە لایەنگیریی دەکات و هەژموونی بەرەیەک دەسەپێنێت بەسەر واقیع و دۆخی ئەوکاتی جەنگەکەدا. وێڕای ئەوەی سۆزت بەلای ڕووداو و چیرۆک و بەسەرهاتەکان ڕادەکێشێت، بەڵام ئەمە بۆ گشت هێز و لایەنەکان یەکسانە.

ساوندتراکی ٢٦، هەر ئەو ئاوازەی سەرەتا باسم لێوەی کرد لە دیدی منەوە لە ڕووی ڕیتم و ئاوازەوە نزیکە لە پارچەی بەنێوبانگی ئاوازداڕێژەر (Gerard Marino) لە ئەلبوومی یاری بەنێوبانگ (God of War) بە ناوی (The Vengful Spartan). جێی ئاماژەپێدانە پارچەکەی جێرارد کۆنترە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی تۆمارکردووە (لە کۆممێنتدا لینکی هەردوو ئاوازەکە دادەنێم).

سینەماتۆگرافی زنجیرەکە تەواو واقیعییانە و بێ سکرێپتە. بە شێوەیەکی تایبەت دیمەن و ڕووداوەکان لەلایەن ئەو کەسانەوە گیراوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لایەنەکانی جەنگەوە هەبووە، ئەو کەسانەی ڕۆڵیان هەبووە لە گرتنی دیمەنەکاندا کارەکتەری جیاوازی نێو جەنگەکا بوون، لەوانە: ڕۆژنامەنووسانی جەنگ، سەربازان، شەڕکەرانی بەرگری فەڕەنسی و کەسانی تایبەت و هاووڵاتییان. زنجیرەکە خاوەن ڕەنگە و هەموو ئەو گرتانەی مۆنۆکرۆمن هەموو ڕەنگسازییان بۆ ئەنجام دراوە. تاکە دیمەن و گرتەکان، ئەوانەی وەک خۆیان دانراونەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیان بۆ نەکراوە لە ڕووی ڕەنگسازییەوە، ئەو گرتانەن کە دەربارەی هۆڵۆکۆست گیراون. ئەمانە وەک خۆیان و بەبێ هیچ دەستکارییەک لەنێو زنجیرەکەدا دانراونەتەوە. ئەمەیش هۆکار و ئایدیۆلۆجیایەکی مرۆیی درامیی لە پشتە.

لە هەندێک جێیشدا، کوشتن و کەوتنی سەربازەکان لە نواندن دەچێت. هاوشێوەی فیلمە کلاسیکەکان، کاتێک کارەکتەرێک فیشەکی بەردەکەوێت و بە شێوازێکی درامی و هەڵسوکەوتێکی عاتیفییانە (جووڵەی دەست و پێیەکان و شێوازی کەوتن) دەمرێت، بینەر وا هەست دەکات، کە کات خاو دەبێتەوە وە یاخود ئەوەی دەکوژرێت و دەمرێت دەیەوێت وەها خۆی نیشانی کامێرا بدات کە مردنی ئەم تراجەدیایە و پێویستە لەگەڵیدا بگریت. ئەمە بۆ هەندێک لە گرتەکان ڕاستە.

پێشنیار دەکەم بیبینن، دۆکیۆمێنتارییەکی تەواوە و دەتوانین بەم شێوازە لە فیلم بڵێین دۆکیۆمێنتاریی. ماددەکان، توخم و ڕەگەزەکان، لایەن و کارەکتەرەکان هەموو نائاگا و ڕاستەقینەن. ئەوەی هەیە ترس و ململانێیە بۆ مانەوە نەوەک چاوی کامێراکان، هەروەک ئەو فیلمانەی لەسەر ژیانی ئاژەڵان بەرهەمدەهێنرێن!.
112 views
Loading...
Sha Shewakar reviewed Kes
کێس -١٩٦٩

کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروون و نەتەوەپەرستیی ئینگلیزەکان دانا. ئەوان بۆ هەمیشە ئەم فیلمە بە یەکێک لە بەنرخترین و ئەخلاقییترین فیلمەکانی خۆیانی دەزانن و یەکێکە لە باشترین فیلمە ئینگلیزییەکان؛ لای ئەوان کێس نەمرە و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.

دیارە کە فیلمی کێس لەو فیلمە خێزانییانەیە کە ونمان کردوون، درامایەکی کلاسیکییە لە گرێدانەوەی پەیوەندییە بنەڕەتییەکان، ئەوانەی ئەندامەکان پێکەوە دەبەستنەوە. دۆخێکی ڕیاڵیزمیی دەخولقێنێت لە گرێدانەوەی ڕووداوەکان و بونیادنانی چوارچێوەی دراما. کێس دۆکیۆدرامایەکی واقیعییە، هەڵگری ناوی باڵندەیەکە کە کۆی ناوەڕۆکی هەڵگرتووە و چەقە بۆ بەستنی پەیوەندییەکان. لەمەیش زیادتر; سیمبولێکە بۆ پڵۆتڵاین و ژیانی (بیڵی) پرۆتاگۆنیستی فیلمەکە، کە هەوڵی گەورەبوون و دۆزینەوەی ژیانی خۆی دەدات.
109 views
Loading...
Loading...
Sha Shewakar reviewed Kedi
کیدی - ٢٠١٦
| پشیلەکانی ئیستەنبوڵ بناسە

"پشیلەکان لە نێو جێیەک کە ئێستا بە "ئیستەنبوڵ" ناسراوە بە هەزاران ساڵ ژیاون. ئەوان هەستان و کەوتنی ئیمپڕاتۆرییەتەکان و کشان و پێگەیشتنی شارەکەیان دیوە. سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگە گرنگییان پێ دەدەن، بەڵام بەبێ گەورە و خاوەن ژیاون. هەرچۆنێک بێت: خۆشویسترابن، ڕقیان لێ هەڵگیرابێت یان چاودێریی کرابن، هەر ئەو بەشە دەمێننەوە کە جیانابنەوە لە ژیانی هەرکەسێک لە ئێمە."
لە دەستپێکی فیلمەکەوە

فیلمی بەڵگەنامەیی (کیدی) سەرنج دەخاتە سەر ژیانی پشیلەکان، و لە کەسایەتییان ورد دەبێتەوە.

"پشیلەیەک لەبەر پێیەکانت دەمیاوێنێت، و لێت دەڕووانێت... ئەمە ژیانە بە ڕووتدا زەردەخەنە دەکات، ئێمە بەبەختین کە بەم ساتانەدا تێدەپەڕین، بیرمان دەخەنەوە کە ئێمە زیندووین."

پشیلەکانی ئیستەنبوڵ خاوەنی کەسایەتیی و خووی تایبەتیین. ئەوان لە یەکتر ناچن، هێند کات وەک بەشێک لە چینی ئەریستۆکراتی دەنوێنن و دەبنەوە بە مناڵە لانەوازەکەی سەر شەقامەکان. هەروەک ئێمە تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتیی و سنووری پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕی خۆشەویستیی و شەڕیان هەیە، یەکتر هەڵدەبژێرن و سیاسەتی بەڕێوەبردن لایان بەرزە. فیلمەکە بە وریاییەوە و بە شێوازێکی کراوە و سادە هەموو ئەم وردەکارییانە دەخاتە ڕوو.

"ئەو (پشیلە مێیەکە) نایەوێت هاوژینەکەی بدۆڕێنێت بۆ مێینەیەک; مێینەکانی تر ئەوانەی لەم جوانترن دەشێ بێنە ئەم جێیە. لێرەدا غیرەیەکی غەریزەیی بوونی هەیە. ئەو هەر لەو ژنە توندڕەوە دەچێت کە ماڵەوە بەڕێوە دەبات، کابانێکی غیرەکەر کە نایهێڵێت هاوژینەکەی لێی دوور بکەوێتەوە، و ڕێگە نادات بەوەی کەس لێی نزیک بکەوێتەوە."

هەمیشە و لە منداڵییەوە، سەرەڕای ئەو نەریتە باوەی لەناو کۆمەڵگەی کوردەوارییا بوونی هەیە کە بەخێوکردنی ئاژەڵ شتێکی قێزەون و پیسە، بەڵام پێم وابووە پشیلە لە ئاستێکی باڵای جیهانی خۆیەتی. من هەمیشە ئەمەم لە چاویاندا بەدی کردووە، کاتێک بە چەندین خولەک دەهاتە بەر جامخانەی ماڵە کۆنەکەمان و لە یەکتریی دەمانڕووانی. دەمزانی خاوەن ڕەوشت و زیرەکیی خۆیانن، خۆیان پێ گرنگە و هەست بە جەوهەر و هێزی خۆیان دەکەن.
پشیلەکان هەمیشە و تا کۆتایی لەلای من پێگەی دانایی و زاناییان هەیە لەنێو جیهانی ئاژەڵاندا، ئەزموونی خۆم فێری کردووم کە ئەوان وەک ئێمەن، تاکە جیاوازییمان ئەوەیە ئەوان بوێرترن.

"هەروەک چۆن تێبینی پشیلەیەک دەکەیت، ئەویش تێبینیت دەکات، ئەمە شتێکی هاوبەشە. پێم وایە ئەمە وا دەکات پێیان ئەفسوون ببم، وێنەدانەوە. ئەوان بە تەواوەتیی لە ئاوێنە دەچن."

یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی ئەم فیلمە، هەڵبژاردنی ژینگەی فیلمەکەیە. شوێن و کات هاوکارن بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمێکی پوخت و ناوازە بە بینەر، بە هۆی گونجانی شوێن و هەڵسووکەوتی نیانی پشیلەکان فیلمەکە زیادتر توانیویەتی نزیک ببێتەوە و سەرنج و ڕووناکی بخاتە سەر کۆی ئەو پرسانەی ناوەڕۆک کاریان لەسەر دەکات.

بەڵگەنامەییەکی جوان و شیرین، خۆشەویستیی ئاژەڵ و پشیلەت لەلا زیاد دەکات. زۆر گونجاوە بۆ منداڵ و بینینی لەژێر چاودێری گەورەکاندا پێویستە.

فیلمی ژمارە ٥٦٣
کیدی - ٢٠١٦
بەڵگەنامەیی - کاتژێرێک و ٢٠ خولەک
زمانی تورکی
دەرهێنەر جەیدا تۆرێن
هەڵسەنگاندنم ٨/١٠
161 views
Loading...
کوڕی ساول - ٢٠١٥
|جینۆساید – جەنگی جیهانیی

[زەندەرکۆماندۆ]: چەند یەکەیەکی کارکردنە، لەلایەن ئەو بەندکراوانەی جەنگەوە پێکدێت کە لە کامپی کوشتارگەی نازییەکان بوونیان هەبووە. ئەم یەکانە بە چەندین بەندکراوی جیاواز داڕێژرابوونەوە، زۆربەی کات پێکهاتبوون لە جووەکان، ئەوانەی بە زۆرە ملێ و بە هەڕەشەی کوشتنیان کاریان پێ دەکرا و دەستی کارا بوون لە کۆکردنەوەی ئەو لاشانەی لە ژووری گاز بەجێ دەمان دوای کوشتنیان.
زەندەرکۆماندۆ ئەرکی جیاوازیان لە ئەستۆ بوو: کۆکردنەوەی جووەکان پێش کوشتنیان، پشکنینی جلوبەرگی جووەکان و کۆکردنەوەی هەموو ئەو بەڵگەنامە و پارچە کانزاییانەی پێیانە، ڕەوانە کردنی جووەکان بۆ ژووری گاز، کۆکردنەوەی لاشەی جووەکان، شتنی خوێناو و پیسی نێو ژوورەکان، جیاکردنەوەی پارچە بەجێماوەکان، هەڵگیرسان و هێشتنەوەی ئاگری کوورەکان بە مەبەستی سووتاندنی لاشەی مردووەکان. کۆی هەموو ئەم ئەرکانە بەسەر ئەو ژن و پیاوانەدا دابەش دەکران کە خاوەن جەستەیەکی بەهێز و گەنج بوون، لەگەڵ جووەکان دەهێنران و دواتر هەڵدەبژێردران و جیادەکرانەوە – ناویان دەبوو بە زەندەرکۆماندۆ.

دەرحەق بە ڕووداو لە گێڕانەوەدا، پرسیاری ئەوەی "چی ڕوویدا؟" بەدوای خۆیدا چوارچێوە و گرێچن دەسازێنێت. ڕووداو دەکرێت دووبارە و دەبارە ببێتەوە؛ لە سنووری بوار و پرسە جیاوازەکاندا ڕووداو وەک توخمێکی مێژوویی هاوشێوەی دەبێت. ئەمە ڕایدەگەیەنێت کە لە وەڵامی "چی"دا پرسێک نییە باسی لێوە نەکرابێت، ئەوەی خاڵی جەوهەریی و بنەڕەتییە پرسیاری "چۆن ڕوویدا؟"یە؛ بە شێوەیەک گێڕانەوە ئەفسوون و بەهاکەی لە وەسفکاریی و نیشاندانەوە بە گۆشەنیگایەکی جیاوازتر لە پێشوو دەدۆزێتەوە. بە لێکدانەوەیەکی دیکە، بایەخ و جێسەرنجی باسکردنی ڕووداوێک پەیوەستە بەو شێوازەی گێڕەڕەوە پەیڕەوی دەکات.

هەمووان ئاشنای جینۆساید و کوشتارگەی جووەکانی جەنگی جیهانیی دووەمین. سەبارەت بەمە، سینەما وەک هونەر و جیاواز لە باسکردنە مێژووییەکە، ئەرکێکی گرانی دەکەوێتە ئەستۆ بۆ گێڕانەوەی زنجیرە چیرۆکە تراژەدییەکانی مێژوو، گرێدانەوەیان بە خەیاڵی ئامادەکار و دەرهێنەر بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕووداوەکان. سەرنج بدە، هەریەک لە فیلمەکانی: (لیستی شیندلەر-١٩٩٣، پیانۆ ژەنەکە-٢٠٠٢، ژیان جوانە-١٩٩٧، زۆڵە نەنگەکان-٢٠٠٩) و چەندانی دیکە، لە خزمەت پرس و باسێکی جەوهەریی و بنەڕەتیی کاریان کردووە، ئەویش کوشتنی بەکۆمەڵی جوولەکەکانی جێگە جیاوازەکانی تێکڕای ئەو شوێنانەی ئەوروپان کە هێزی (نازیزم) داگیریانی کرد. دەپرسین چۆن ئەم کۆمەڵە فیلمە، توانییان پێکڕا لەسەر یەک باس قسە بکەن و هەریەکەیان کاریگەریی و ڕۆڵی خۆی ببینێت لە وێناکردنەوەی تاقە ڕاستییەک کە ئاشکرایە؟ بە گەڕانەوە بۆ پرسیاری "چۆن ڕوویدا؟" وەڵامی پرسیاری یەکەممان دەست دەکەوێت.
ئەوەی گرنگە لەم نێوەندەدا بریتییە لە بەکارهێنانی چیرۆک و وەسفکاریی جیاواز، بۆ تاقە ڕووداوێک؛ سوود وەرگرتن لە گۆشەنیگایەک کە لە پرسەکەی ڕووانییوە بە مەبەستی خزمەتکردن بە کۆی سنووری ئەو ژینگەیەی ڕووداوەکان تیایدا خولقاون.

فیلمی (کوڕی ساول) هاوشێوەی ئەو فیلمانەی ئاماژەمان پێیان دا، باسی چیرۆکێک لە ملیۆنان چیرۆکی تراژەدی پەیوەست بە جینۆسایدەوە دەکات کە مرۆڤایەتیی پیایاندا تێپەڕیوە. ئەوەی جێی سەرنجە نەبوونی هیچ میوزیکێکە لە کۆی فیلمەکەدا، ئەم تێکنیکە سەرەڕای نەبوونی یەکێک لە ڕەگەزە هەرە گرنگەکانی خۆی، توانیوییەتی ئاستێکی باڵا پێشکەش بکات. هاوشانی سینەماتۆگرافییە تایبەت و ناباوەکەی، ڕۆڵگێڕانی ئاکتەرەکان ناوازە بوو، بە تایبەتیی ڕۆڵ و ئاکتی پڕۆتاگۆنیست (ساوڵ) کە ئاکتەر (گیزا روریگ) ڕۆڵەکەی دیوە. فیلمەکەش تا ڕادەیەک فیلمێکی خاوە و زیادتر ململانێی دەروونییە و تەوژمی هۆش بەسەریدا زاڵە. تیایدا ساول ڕۆڵی یەکێک لە زەندەرکۆماندۆیەکان دەبینێت و دووچاری چەندین زەبر و توندیی دەبێتەوە.

دەبێت ئێمەش بە لاساییکردنەوەی سینەما جیهانییەکان، خزمەت بە پرسی نەتەوەیی و ئەنفال و جینۆسایدی کوردان بکەین. با لێیانەوە فێرببین، بیبینن.

فیلمی ژمارە ٥٦٢
کوڕی ساول - ٢٠١٥
دراما/هەستبزوێن - کاتژێرێک و ٥٧ خولەک
زمانی فەرمی فیلمەکە: هەنگاری، ئەڵمانی
خاوەنی خەڵاتی ئەکادیمیا بۆ باشترین فیلمی زمانی بیانیی و هی تر
دەرهێنەر: László Nemes
هەڵسەنگاندنم: ٨/١٠
189 views
Loading...
کوشتن لەسەر شەمەندەفەری خێرای ڕۆژهەڵات - ٢٠١٧

پێدەچێت ڕێکەوت نەبێت لێکچوونی بەکارهێنانی تێکنیکی فرە کارئەکتەریی پەیوەست بە جەوهەری پرس و ڕووداو، وەک (فرە-پرۆتاگۆنیستیی); لە نێوان فیلمی (Murder on the Orient Express) و پارچەی یەکەمی فیلمی (Wild Tales) بە ناونیشانی "Pasternak". ئەم دوو نموونەیە، جیاواز لە یەکتر (لە ڕووی ژانرا سینەماییەکەیانەوە) خزمەت بە تەوەرەیەکی دیارییکراو دەکەن ئەویش پرسی "تاک"ە، وەک لایەنێکی تەنیا کە کۆی ڕەگەزەکان بە دەوریدا دەخولێنەوە.

دەبێت لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە زۆریی ژمارەی کارئەکتەری لید و فرەیی گۆشەنیگا هەمیشە لە دوو ژانرای (Mystery) هەروەک فیلمەکانی (شێرلۆک هۆڵمس) و چیرۆکەکانی (ئێدگار ئالان پۆ) و ژانرای (Crime) وەک فیلمەکانی (Zodiac) و (The Godfather)، رۆڵی بنەڕەتیی دەبینن بۆ پەلکێشکردنی جەماوەر و زیادکردنی گرێ کوێرەکان. ئەمە ئەو توخمەیە کە یارمەتییدەری هەڵچوونە بە ڕیتمێکی لەسەرخۆ و پێش کەوتوو.

ئەم فیلمە، کەم نییە لە پەزڵ و گرێ، لێ هاوتای فیلمەکانی شێرلۆک هۆڵمس لە بواری لێکۆڵەریی و کوشتن و نادیارییدا نابێتەوە. فیلمەکە ئاستی نزیک زۆر باشەیە و خاوەن سینەماتۆگرافییەکی نایابە. دەتوانین بڵێین کاست پێکهاتووە لە کارئەکتەرە مەزنەکانی سینەما وەک: (جۆنی دێپ، جودی دێنش، پینۆلۆپی کروز و ویلیەم دافۆ).

کۆی ئەم توخم و ڕەگەزە جیاوازانە و چەندانی تر، وا دەکەن بڵێین جێی بینینە و ٧/١٠ دەدەینێ.

هەموو ئەو فیلمانەی لەم پارچە هاندانە ناویان هاتووە، بیانبینە.

فیلمی ژمارە ٥٦١
تاوان لەسەر شەمەندەفەری خێرای ڕۆژهەڵات - ٢٠١٧
دراما/هەستبزوێن/کوشتن - کاتژێرێک و ٥٤ خولەک
زمان: ئینگلیزی و فەڕەنسی
دەرهێنەر: Kenneth Branagh
124 views
Loading...